فڕۆکە جەنگیەکان بەسەر ئاسمانی مەخموردا دەسووڕێنەوە

دوای بوردومانەکەی شەوی یەکشەممەی رابردووی فڕۆکە جەنگیەکان، فڕۆکەی کەشف جارێکی دیکە بەسەر ئاسمانی کەمپی پەنابەرانی مەخموردا دەسووڕێنەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتوون، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی کەش بەسەر ئاسمانی کەمپەکەدا دەسووڕێنەوە.

ئەوە یەکلایی نەبووەوە کە ئەو فڕۆکانە سەر بە کام هێزەن، نە بەرپرسانی عێراق و نە حکومەتی هەرێمیش لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێکیان بڵاو نەکردەوە.

شەوی یەکشەممەی رابردوو فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک هاوکات هەر یەک لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانی پاراستنی میدیایان بوردومان کردبوو.

لە ساڵی ٢٠١٧وە زیاتر لە ١٧ هاوڵاتی دانیشتووی کەمپی مەخمور شەهید بوون

فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور چڕکردووەتەوە کە زیاتر لە ١٢ ساڵە لەو کەمپە دەژین. لە رووی فەرمیەتەوە ئەم کەمپە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

لە ٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکدا ٥ کەس شەهید بببون، هاوکات ٣ کەسیش بریندرا ببوون.

دوای ساڵێک و لە ١٣ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ لە دژی کەمپی مەخمور جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانی ئەنجام درا و بەو هۆیەوە ژنێکی ٧٣ ساڵان، کچەکە کە تەمەنی ٢٦ ساڵ بوو، هەروەها نەوەیەکی ئەو ژنە لە تەمەنی ١٤ ساڵاندا و ژنێکی گەنجی ٢٣ ساڵان شەهید بوون.

لە ١٨ی تەموزی ساڵی ٢٠١٩ دا فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە ٢ هاوڵاتی دانیشتووی کەمپەکەیان شەهید کرد.

لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٢یشدا فڕۆکە جەنگیە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە کەمپی پەنابەرانی مەخموریان بوردومان کرد و لە ئەنجامدا ٣ ژن شەهید بوون.

ز.ش